قوباد تاڵه‌بانی: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نشینگه‌ى سلێمانی نموونه‌ی عێراق و كوردستانه‌

0787

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نشینگه‌ی پارێزگای سلێمانی كرد و ستایشی كاره‌كانی نشینگه‌ی كرد و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی نموونه‌یی ناوزه‌ندی كرد.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نشینگه‌ی پارێزگای سلێمانی كرد و له‌لایه‌ن عه‌میدی ماف په‌روه‌ر ( صالح عثمان خضر) به‌ڕێوه‌به‌ری نشینگه‌ی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌، به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا، پاشان جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ش و هۆبه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمانی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌یری چۆنیه‌تی ڕایی كردنی كاره‌كانی نشینگه‌ی كرد.

له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا، سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستی پێكرد، پاشان عه‌میدی ماف په‌روه‌ر ( صالح عثمان خضر) به‌ڕێوه‌به‌ری نشینگه‌ی پارێزگای سلێمانی، به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی جێگر ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، پاشان به‌ ئامار و داتا، ئاماژه‌ی به‌ كار وچالاكیه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نشینگه‌ی پارێزگای سلێمانی كرد، هه‌روه‌ها باس كردنی بنكه‌ سنوورییه‌كان و چۆنیه‌تی ڕایی كردنی كاره‌كانی كه‌سانی بیانی و هاوڵاتیان به‌شێكی تری وته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری نشینگه‌ی پارێزگای سلێمانی پێكهێنا.

پاشان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و وتی: “زۆر خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نشینگه‌ی سلێمانیم كردووه‌، ئێوه‌ توانیوتانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی نموونه‌یی پێكبهێنن و ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م، كاره‌كانی ئێوه‌ له‌به‌ر دوو هۆكار گرنگه‌، یه‌كه‌میان له‌ ڕووی ئه‌منیه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و به‌شێكن له‌ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، هۆكاری دووه‌م ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌ ڕۆڵی باڵیۆزێك ده‌بینێت، چونكه‌ كه‌سێكی بیانی كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م جار ئێوه‌ ده‌بینێت، بۆیه‌ باشی مامه‌ڵه‌ی ئێوه‌ زۆر گرنگه‌”.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌كه دا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ بازرگانی كردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ كرد و ڕایگه‌یاندن : “ئێستا له‌ جیهاندا دیارده‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ بازرگانی كردنه‌ به‌ مرۆڤ، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كوردستان نه‌بۆته‌ دیارده‌، له‌وه‌یه‌ كۆمپانیایه‌ك كۆمه‌ڵێك كه‌ستان بۆ بهێنێت و بڵێت ئه‌مه‌ بۆ كاركردنه‌، به‌ڵام بۆ مه‌به‌ستێكی تر به‌كاریان بهێنێت، بۆیه‌ ئاگاداری ئه‌مه‌ش بن ، دڵنیام ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌موو كاره‌كانی ترتان به‌ باشی ڕایی ده‌كه‌ن”.

All Rights Reserved. بەڕێوەبەرایەتى نشینگەى سلێمانى.Copyright 2013.

الصعود لأعلى