سه‌ركرده‌كانى قاعیده‌ به‌ره‌و سوریا هه‌ڵدێن

 

3

خه‌ندان-

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى میدیاى عیراقیی (نیمچه‌ فه‌رمى) ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانى رێكخراوى قاعیده‌ له‌ عیراق، هه‌ڵاتوون بۆ سوریا، ئه‌وه‌ش دواى پرۆسه‌ى ” تۆڵه‌ى شه‌هیدان” كه‌ له‌ لایه‌ن سوپای عیراق‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌ كه‌رتى پرۆسه‌كانى به‌غدا ده‌ستیپێكردووه‌‌و به‌پێی به‌یاننامه‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عیراق، له‌و ماوه‌ كورته‌دا، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌ست به‌ پرۆسه‌كه‌ كراوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر داواكراو و تۆمه‌تبار به‌ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى تیرۆریستى، ده‌ستگیركراون، له‌ گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى ته‌قه‌مه‌نییه‌كى زۆر.

ئه‌و زانیارییانه‌ هاوكاتن له‌ گه‌ڵ ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ى لیژنه‌ى ئاسایش‌و به‌رگرى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كه‌ “قاعیده‌” له‌ ئێستادا تووشى شكست هاتووه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانى، ئه‌وه‌ش واده‌كات به‌دواى ئامانجى ئاسانتر بگه‌ڕێت بۆ به‌جێهێنانى پلانه‌كانى.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌ باڵاكان، ئه‌وه‌یان بۆ ناوه‌ندى هه‌واڵى تۆڕى میدیاى عیراقی دركاندووه‌، كه‌ كۆچى پێچه‌وانه‌ى سه‌ركرده‌كانى رێكخراوى قاعیده‌ به‌ره‌و سوریا ده‌ستیپێكردووه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عیراقییه‌كان له‌ رێكارى به‌په‌له‌ بگرنه‌به‌ر به‌ مه‌به‌ستى ده‌ستگیركردنى ئه‌ندامانى رێكخراوى قاعیده‌‌و رێگه‌گرتنیان له‌ دووباره‌ هاتنه‌وه‌یان بۆ ناو عیراق‌و ده‌ستگیركردنیان.

هاوكات حاكم زاملى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش‌و به‌رگرى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، رایگه‌یاند :” به‌ئامانجكردنى هاوڵاتییان له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ قه‌ره‌باڵغ‌و بازاڕه‌كان، ئامانجى سیاسی له‌ پشته‌وه‌یه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ پاڵ به‌ هاوڵاتییانه‌وه‌ ده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ى دژ به‌ حكومه‌ت نیگه‌رانى ده‌رببڕن، وتیشی :” ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ به‌هێزه‌ وه‌ك خۆیان رایده‌گه‌یه‌نن، با له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ربازیی‌و ئه‌منییه‌كاندا بجه‌نگن، نه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڵاتییان”.

له‌ عه‌ربییه‌وه‌: سۆران كه‌ریم

All Rights Reserved. بەڕێوەبەرایەتى نشینگەى سلێمانى.Copyright 2013.

الصعود لأعلى