بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی : لە نێو خێزانی نشینگەدا ئەندامێكی خەمخۆر و پڕ ئەزمونمان لەدەستدا
بەڕێوەبەر و ئەفسەران و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانی ماڵئاوایی كۆتاییان لە(ر.پ1- ڕێبواركەمال حامید) كارمەندی بەشی یاسای بەڕێوەبەرایەتیمان كرد و چەپكە گوڵی ڕێز و وەفایشیان لە شوێنی كارەكەی دانا.
عەمیدی ماف پەروەر ( صالح عثمان خضر) بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی و ئەفسەران و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیمان، ماڵئاوایی كۆتاییان لە(ر.پ1- ڕێبواركەمال حامید) كرد، كە بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
دوای دانانی گوڵی ڕێزو وەفاداری بۆ خزمەتی ئەو كارمەندە دڵسۆزەی بەڕێوەبەرایەتیمان، بەڕێوەبەری نشینگەی سلێمانی لە وتەیەكیدا سەرباری دەربڕینی خەم و پەژارەی بۆ لەدەستدانی ئەو كارمەندە ڕایگەیاند” ئەمڕۆ بەداخەوە ماڵئاوایی لە یەكێك لە كارمەندە دڵسۆز و پڕ ئەزمونەكانی نشینگەی سلێمانی دەكەین، كاك ڕێبوار ماوەی چەندین ساڵە لە فڕۆكەخانە و پاشان لەناو بەڕێوەبەرایەتی بەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە كاری دەكرد،بۆیە لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە و بە ئاسانی شوێنی پڕ نابێتەوە”.
وتیشی:”بەداخەوەی زۆرێك لە ئەفسەران و كارمەندانمان توشی كۆرۆنابوون،بەڵام ئەوەی جێی خەمی زیاترە ئەوەیە لە نێو خێزانی نشینگەی سلێمانی ئەندامێكی خەمخۆر و پڕ ئەزمونمان لەدەستداوە، كاك ڕێبواری هاوڕێمان شەهیدی خزمەت كردنە، بۆیە هەرگیزا و هەرگیز لە یادی ناكەین و لە ناخماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، سڵاو بۆ ڕووحی پاكی و دەنێرین و پرسە و سەرەخۆشی جارێكی دیكە لە كەسوكار و خۆمان و هاوڕێكانی دەكەین”.
لە كۆتایشدا بەڕێوەبەری نشینگەی سلێمانی گشت لایەكی ڕاسپارد كەزیاتر لە جاران پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییەكان بن و لەو بارەیەوە وتی:” بەداخەوە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی و وڵاتانی جیهانەوە هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری كۆرۆنا دەدرێت،بۆیە داوا دەكەم زیاتر لە جاران پابەندی ڕێنماییەكان بن و خۆتان و كەسوكارتان بپارێزن، جا لە هەر كوێیەك بوون، بۆ ئەوەی كۆستێكی دیكە یەخەمان نەگرێت، هیوادارم ساغ و سەلامەت بن و كوردستان و جیهانیش لەو پەتایە ڕزگاری ببێت”.
